فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ سۆران عومه‌ر ده‌ركرا

دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر یادداشتی ده‌ستگیركردنی بۆ سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ركرد.
به‌ گوێره‌ی یادداشتی ده‌ستگیركردنه‌كه‌، كه‌ سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێر/ دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌ندامانی به‌رزه‌فتی دادوه‌ری و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی پۆلیسی كردووه‌، ئه‌و هێزانه فه‌رمانیان پێكراوه‌ سۆران عومه‌ر وه‌ك تۆمه‌تبار ده‌ستگیر بكه‌ن و بیده‌ن به‌ دادگا، به‌و پێیه‌ی له‌ بنكه‌ی پۆلیسی خانه‌قا سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌.
سۆران عومه‌ر به‌ گوێره‌ی حوكمه‌كانی مادده‌ی 433 له‌ یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ 111ی ساڵی 1969 رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێته‌وه‌.
مادده‌ی 433 له‌ به‌شی چواره‌می یاسای سزادانه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ جوێن و سوكایه‌تی. مادده‌كه‌ له‌ دوو بڕگه‌ پێكهاتووه‌ و له‌ یه‌كه‌میاندا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ی جوێن به‌ هه‌ر كه‌سێك بدات سزاكه‌ی یان به‌ندكردنه‌ یاخود غه‌رامه‌ كردنه‌ و ده‌كرێت به‌ یه‌كێك له‌و سزایانه‌ سزا بدرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جوێندانه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی بوو له‌ رۆژنامه‌یه‌ك، یان چاپه‌مه‌نییه‌ك، یان یه‌كێك له‌ ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن، ئه‌وا ره‌وشی سزادانه‌كه‌ی توندتر ده‌بێت. 
رۆژی 7ی ئایار له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستاندا به‌ به‌شداری فراكسیۆنی پارتی و پێكهاته‌كان و به‌ بێ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كانی یه‌كێتی، گۆڕان، نه‌وه‌ی نوێ، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتوو پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سۆران عومه‌ر هه‌ڵگیرا.

هەواڵی دواتر

بایدن بڕیاری پێدانی 40 ملیار دۆلاری بە ئۆکراینا واژۆ کرد

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کە لە ئێستادا بە گەشتێک لە وڵاتانی ئاسیایە، پاکێجێکی هاوکاری ٤٠ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .