کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی زۆر دڵخۆشە بەوەی بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی یاریکردووە.
لە گەڕی سێیەمی خولی نەتەوەکانی ئەوروپادا، هەڵبژاردەی فەرەنسای پاڵەوانی جیهان و هەڵبژاردەی پۆرتوگالی پاڵەوانی ئەوروپا و نەیشن لیگ رووبەڕوووی یەکدی بوونەوە و یارییەکە بە ئەنجامێکی سپی بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
ئیمباپێ بێجگە لەوەی لە کۆتایی یارییەکەدا چووە لای رۆناڵدۆ و باوەشی پێداکرد، کە هەمیشە بە نموونەی بەرزی خۆی دەزانێت، لە تویتەریش دوو وێنەی خۆی و رۆناڵدۆی پۆست کرد و لەگەڵیدا نووسیبووی “نموونەی بەرزی من”.
ئەستێرەی فەرەنسی هەروەها لەگەڵ پۆستەکەیدا چەند ئیمۆجییەکی دانابوو، کە رۆناڵدۆ بە پاشا و باشترین یاریزانی مێژوو وەسف دەکات.
کیلیان ئێمباپێ، هەر لە منداڵییەوە سەرسام بووە بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هەمیشە خەونی بەوە بینیوە یاری لەگەڵ ئەستێرەی مادێرا بکات، کە دوێنێ شەو ئەو خەونەی هاتەدی و شانازی بە رووبەڕووبوونەوەی کریس کرد، سەرەڕای ئەوەی خۆیشی ئێستا یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان.