وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل ئیلی کۆهین وتی وڵاتەکەی دژایەتی هەر گرێبەستێکی فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 ی ئەمەریکی دەکات بە قەتەڕ، ئاماژەشی بەوەدا دەبێت ئیسڕائیل لەڕووی سەربازییەوە بە باڵادەستی بمێنێتەوە.
دوای ئەوەی سەبارەت بە ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز پرسیاری لێکرا لە بارەی ئەوەوە کە قەتەڕ داوایەکی فەڕمی پێشکەشی ئەمەریکا کردووە بۆ کڕینی ئەو جۆرە فڕۆکەیە، کۆهین ئەم لێدوانانەیدا.
بەپێی بنەمای ” هێشتنەوەی باڵادەستی سەربازی ئیسڕائیل لە ناوچەکەدا ” ئەمەریکا تاوتوێی هەر گرێبەستێکی فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو بە وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەکات.
لە وەڵامێکیدا لەسەر ئەوەی ئایا ئیسڕائیل دژایەتی ئەم جۆرە گرێبەستە دەکات، کۆهین بە ڕادیۆی سوپای ئیسڕائیلی وت ” وەڵامەکە بەڵێیە. ئاسایش و باڵادەستی سەربازیمان لە ناوچەکەدا گرنگترین شتن بۆ ئێمە. ناوچەکەمان هێشتا نەبووە بە سویسرا.”
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز