سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندی لە وڵاتی ئەسیوپیا گرت بە دروستکردنی بەنداوی نەهزە و رایگەیاند، وڵاتی میسر قبوڵی ناکات و رەنگە بیتەقێنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و سودان (کە بەمزوانە رێککەوتن ئەنجامدەدەن) رایگەیاند، دروستکردنی بەنداوی نەهزە لەلایەن ئەسیوپیاوە زۆر ترسناکە و میسر ناتوانێت قبوڵی بکات.
راشیگەیاندووە، رەنگە کۆتایی بەنداوەکە تەقاندنەوەی بێت لەلایەن میسرەوە چونکە ئەو وڵاتە ناتوانێت لەو بارودۆخەدا بژیێت.
باسی لەوەشکردووە، کە رێککەوتنێکی بۆ ئەو دوو وڵاتە ئامادەکردووە، بەڵام ئەسیوپیا پێوەی پابەند نەبووە و بەوەش، بە قسەی ترەمپ “هەڵەیەکی گەورەی کردووە”.
بەنداوی نەهزە یان میلینیۆم کە لە لایەن ئەسیوپیاوە لەسەر روباری نیل دروستکراوە بووەتە جێگەی ناکۆکی و گرژی لە نێوان ئەو وڵاتە و میسر و سودان، بەو پێیەی ئەو دوو وڵاتە دروستکردنی بەنداوەکە بەمەترسی بۆ سەر سامانی ئاو و کشتوکاڵی وڵاتەکەیان دەزانن.
پێشتر، بەرپرسانی میسر هۆشداریان دابوو لەوەی کە پڕکردنی بەنداوەکە بەبێ ڕێککەوتن دەبێتە هۆی هەڵکشانی گرژیيەکانیان لەگەڵ ئەسیوپیادا و ناسەقامگیری و قەيرانیش لە ناوچەکەدا دەهێنێتەئاراوە.