سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە بەرپرسانی باڵای ئێران دەکات گرووپە چەکدارییە عێراقییەکانی نزیکیان کۆنتڕۆڵ بکەن، چونکە هەنگاونەنان بەو ئاراستەیە وادەکات سوپای عێراق خۆی ئەو کارە بکات.
چەند رۆژێک پێش ئێستا ژمارەیەک چەکدار رژانە نێو شەقامەکانی شاری بەغدا و رەخنەیان لە بوون و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق گرت و هەڕەشەی ئەوەشیان کرد کە “گوێی کازمی دەبڕن”. بەوتەی دوو بەرپرسی عێراق کە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس کردووە، لە وەڵامی ئەو نمایشە چەکدارییەدا مستەفا کازمی نامەیەکی تووندی ئاراستەی تاران کردووە و بە بەرپرسانی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە دەسەڵاتی خۆیان بەکاربهێنن بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە.
دوو بەرپرسەکە گوتیان، کازمی لە نامەکەیدا هەڕەشەی ئەوەی لە بەرپرسانی ئێران کردووە کە “بە روونی رایدەگەیێنێت کێ پاڵپشتی لەو گرووپانە دەکات” و ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای وڵات ئامادەیە لەبواری سەربازییەوە رووبەڕوویان بێتەوە.