نوێنه‌رانی ئێران و وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی چوار كۆ یه‌ك له‌سه‌ر خێراتركردنی ره‌وتی دانوستانه‌كانی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی رێككه‌وتن.
عه‌باس عێراقچی نوێنه‌ری ئێران بۆ دانوستانه‌كانی ڤییه‌ننا له باره‌ی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی رایگه‌یاند، له دانوستانه‌كانی رۆژی سێ شه‌ممه‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون، كه ره‌وتی گفتوگۆ و دانوستانه‌كانیان خێراتر بكه‌ن.
وتیشی، ئاڵنگاری و ئاسته‌نگی زۆر له به‌رده‌میاندایه، به‌ڵام به گشتی دانوستانه‌كان به ئاراسته‌یه‌كی راستدا ده‌ڕۆن.
لای خۆیه‌وه میخاییل ئۆلیانۆف نوێنه‌ری روسیا له دانوستانه‌كانی ڤییه‌ننا وته‌كانی هاوتا ئێرانیه‌كه‌ی له باره‌ی دانوستانه‌كانه‌وه پشتڕاستكردوه‌ته‌وه.
بڕیاره لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕ پێكبهێنرێت بۆ دیاریكردنی میكانیزمی چۆنێتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێران و ئه‌مریكا بۆ پابه‌ندبوونه‌كانیان به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ساڵی 2015.
ساڵی 2015 ئێران و وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی پێنج كۆ یه‌ك رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیان واژۆ كرد، كه به پێی ئه‌و رێككه‌وتنه ئێران چالاكیه ئه‌تۆمیه‌كانی سنوردار كرد و ئه‌مریكاش به‌شێكی زۆر له سزاكانی له‌سه‌ر ئێران هه‌ڵگرت، به‌ڵام ساڵی 2018 واشنتۆن له رێككه‌وتنه‌كه كشایه‌وه و تارانیش پابه‌ندبوونه‌كانی هه‌ڵپه‌سارد.
ماوه‌ی نزیكه‌ی مانگێك چه‌ند خولی دانوستان له نێوان ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی چوار كۆ یه‌ك (روسیا، چین، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا) به مه‌به‌ستی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌مریكاش ناڕاسته‌وخۆ ئاگاداری ورده‌كاری دانوستانه‌كانه.