سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد، لە کۆبوونەوەیاندا جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردن و پابەندبوون بە یاسای بودجەی گشتی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە کراوەتەوە.
رۆژی سێ شهممه مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
لەبارەی تەوەرەکانی کۆبووەنەوەکە لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای رێز و بەرژوەندیی هاوبەش کراوە. هەروەها جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ئابووری و ئالوگۆڕی بازرگانی کراوەتەوە.
ئێوارەی رۆژی سێ شهممه وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە پێشوازیی لێکرا.