یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داوا دەكات كۆتایی بە لێبڕینی موچە بهێنرێت و پلە بەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە و یاسای خانەنشینی یەك بخرێتەوە
مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەبۆنەی 59 ساڵەی دامەزراندنیەوە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە: لەم بۆنە گرنگەدا بە ئەركی خۆمانی دەزانین، لەسەروبەندی ئەم یادكردنەوە جەخت لەسەر كۆمەڵێك داواكاری بكەینەوە كە پێمان وایە سەروەختی جێبەجێكردنیان هاتوە.
سەبارەت بە داواكاریەكان باس لەوەكراوە: پاراستنی یەكڕیزی گەلەكەمان لەوبارەیەوە داوا لە لایەنە سیاسیەكان دەكەین بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان لەبەرچاو بگرن و چیتر بەلای بەرژەوەندی حزبی و لاوەكیدا نەچن، كۆتایی هێنان بە لێبڕینی موچەی نایاسایی، هەروەها كردنەوەی ژمارەی بانكی بۆ مامۆستایان و جێكردنەوەی ئەو موچانەی نەدراون و ئەو پاشەكەوت و لێبڕینە زۆرەملێ و نایاساییانەی كراون لەو ژمارە بانكیە دابنرێت.
لەبەشێكی تری داواكاریەكان هاتوە: دەستپێكردنەوەی پلەو موچە بەرزكردنەوە، پەسندكردنی رەشنوسی پارێزبەندی مامۆستایان، درێژەدان بە یاسای چاكسازی بە مەرجێك دەست بۆ دەرماڵەی مامۆستایان نەبرێت، یەكخستنی یاسای خانەنشینی كە تیایدا دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت.
یەكێتی مامۆستایان هێمای بۆ ئەوەشكردوە: لەبەرچاوگرتنی خزمەتی مامۆستایانی وانەبێژ كە لە ئێستادا بۆشایی پرۆسەی دانەمەزراندنی مامۆستایانیان پڕكردۆتەوە و كرێكانیان پێ بدرێت و بكرێن بە گرێبەست یاخود هەمیشەیی، دەستپێكردنەوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبون یان دروستكردنی شاری تایبەت بە مامۆستایان بە نرخێكی گونجاو و قیستی درێژخایەن، بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوام بە گرنگ دەزانین و داواكارین وەكو خۆی جێبەجێبكرێت.