یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە لە شاری سلێمانی ئاشكرایكرد، لەماوەی 4 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار توشبووی شێرپەنجە تۆمار كراون كە 76 یان منداڵن، جەختلەوەشدەكاتەوە كە كێشەی كەمی دەرمانیان هەیە.
یاد نەقشبەندی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لە 4 مانگی ئەمساڵدا هەزار و 31 توشبووی نوێی شێرپەنجە تۆماركراون، 80%ی دانیشتووی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەن، 9%ی دانیشتووی پارێزگاكانی دیكەی هەرێمن، ئەوانەی تر دانیشتووی پارێزگاكانی عێراقن.
ئاماژەی بەوەشدا، لەو ژمارەیە 76 یان لەخوار تەمەنی 18 ساڵیەوەن كە دەكاتە 7%ی كۆی توشبووان، كێشەی نەبوون و كەمی دەرمانیان هەیە و %2ی پارە دەدرێت بەو كۆمپانیایانەی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا دابین دەكەن، بۆیە ئێستا ئامادەنین دەرمانیان پێ بفرۆشن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا باسی لەوەشكرد، نەخۆش هەیە خۆی پارەی پەیدا كردووە بەڵام هیچ كۆمپانیایەك دەرمانی پێ نافرۆشێت و داوای دابینكردنی شایستە داراییەكانیان دەكەن، تەندروستی سلێمانی لەگەڵ وەزیری دارایی قسەیكردووە لەو بارەیەوە و بەڵێنیداوە دوای گەڕانەوەی لەبەغدا ئەو پرسە چارەسەر بكرێت.