
موحسین تەها بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكان لە پارێزگای دهۆك ئاشكرای كرد، ئەو بەنزینەی بڕیار بوو لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە رەوانە بكرێت، گەیشتووەتە پارێزگای دهۆك.
موحسین تەها بە میدیاكانی پارتی راگەیاندووە، دوای ئەوەی وەزیری سامانە سروشتییەكان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق رێككەوتن، بڕیاردرا كە هەزار و هەشتا مەتر سێجا بەنزین بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، ئێستا بەنزین گەیشتووەتە پارێزگای دهۆك.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و خودی وەزیر ماوەیەكە لە هەوڵدابوو بۆ چارەسەر كردنی كێشەی نرخی بەنزین، بۆ ئەوەی باری سەرشانی خەڵك سوك بكرێت.
لەماوەی رابردوودا، نرخی بەنزین بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبوویەوە و ئەوەش هاوڵاتیان و بەتایبەتی شۆفێرانی نیگەران كردووە و داوای دابەزاندنی نرخ دەكەن.
