كۆرۆنا بە خێرایی لە روسیا بڵاودەبێتەوە و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا نزیكەی هەشت هەزار حاڵەتی نوێی لەو وڵاتە تۆمار كران.
سەرچاوە فەرمیەكانی حكومەتی روسیا بڵاویان كردەوە، لە 24 كاتژمێری رابردوودا حەوت هەزار و 933 حاڵەتی نوێی تووشبوون لەو وڵاتە تۆمار كراون و 96 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەم پێیە ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لە روسیا بۆ 114 هەزار و 431 حاڵەت بەرزبوەوە و لەو ژمارەیە هەزار و 169 كەس گیانیان لەدەستداوە.
روسیا یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین بایەخی بە پشكنینەكانی كۆرۆنا داوە و بە پێی ئامارە فەرمیەكان تا ئێستا سێ ملیۆن و 700 هەزار پشكنین ئەنجامدراون، بەم جۆرەش لە دوای ئەمریكا دووەم وڵاتی جیهانە لە رووی زۆری ژمارەی پشكنینەكانی تایبەت بە كۆرۆنا.