ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایگەیاند، سەرۆكی پەرلەمان بە گوێرەی پەیرەو ئەركی پارێزگارییە لە پەیرەو یاساو دەستور، بۆیە لە پێناو پارێزگاری لە سەروەری یاسا و دروستنەبونی سەرەتایەكی نایاسایی لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان و پارێزگاری لە شكۆی پەرلەمان، داواكارن سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری ژمارە (4)ی هەڵگرتنی پارێزبەندی هەڵوەشێنتەوە.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندوە، هەر چوار قۆناغی دەرچونی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لە (كۆبونەی دەستەی سەرۆكایەتی، دەستكاری بەرنامەی كار، سەرپەرشتی كۆبونەوەی پەرلەمان، واژۆكردنی بریارەكە) بە رونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانی بەزاندوە و بە نایاسایی بەكاری هێناوە، ئەگەر ئەم بەزاندنە بە رێكەوتنی سەرۆكی پەرلەمان بێت، ئەوا دوو جار تاوانە، خۆ ئەگەر بێ ئاگاداری بەرێزیان بووبێت ئەوا پێویستە بڕیارەكە هەڵوەشێنتەوە. بە پێچەوانەوە مەرگی دامەزراوەی پەرلەمان دەكەوێتە ئەستۆی بەرێزیان.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ئەوەشی خستەڕو، لە پێناو پارێزگاری لە سەروەری یاسا و دروست نەبونی سەرەتایەكی نایاسایی لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان و پارێزگاری لە شكۆی پەرلەمان، داواكارن سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری ژمارە (4)ی هەڵگرتنی پارێزبەندی هەڵوەشێنتەوە كە پێشێلی لایەنی رواڵەتی دەرچوونی بڕیارەكەی لە هەر چوار قۆناغ تێدایە.
جەختیشی كردۆتەوە، سەرۆكی پەرلەمان ناتوانێت شكۆ بۆ پەرلەمان بگێڕێتەوە تا شكۆ بۆ دەسەڵاتە پەیڕەوییەكانی خۆی وەك سەرۆكی پەرلەمان نەگێڕێتەوە.