حكومەتی وڵاتان بەردەوامن لە كڕینی ڤاكسینەكەی كۆمپانیای فایزەر، ئیسرائیلیش چووە نێو ئەو وڵاتانەوە و بەشی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەكە دابیندەكات.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تەلئەڤیڤ رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر واژۆكردووە بۆ بەدەستهێنانی 8 ملیۆن ڤاكسینی دژەكۆرۆنا، كە بەشی نزیكەی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەكەی دەكات .
بەوتەی ناتانیاهۆ، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەست بە دابینكردنی ڤاكسینەكە بكرێت و لە مانگەكانی دواتریشدا بڕەكە زیاتر دەكرێت.
پێشتر كۆمپانیای فایزەری ئەمریكی، بەهاوبەشیی كۆمپانیای بیۆنتێكی ئەڵمانی كۆتاییهاتنی تاقیكردنەوەكانی ڤاكسینی دژەكۆرۆنای بەسەركەوتوویی راگەیاند.
پێش ئەوەش، هەریەكە لە ئەمریكا، یەكێتیی ئەوروپا و بەریتانیا و چەند وڵاتێكی دیكە، پێشوەختە گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیاكە كردووە بۆ كڕینی ڤاكسینەكە لەكاتی ئامادەبونیدا.