پەرلەمانتارێكی كوردی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، هۆكاری رێكنەكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی متمانە لەنێوانیاندا ودەڵێت: ئەگەر رێكەوتنیش بكرێت، حكومەتی عێراق متمانەی بە حكومەتی هەرێم نیە پابەندبێت بەیاسای بودجەوە.
كاوە محەمەد پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هیوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند، نەبونی متمانە لەنێوان هەرێم و بەغدا هۆكاری سەرەكی رێكنەكەوتنی نێوانیانە لەسەر بودجە و حكومەتی هەرێمی كوردستان مەبەستیەتی ئەو دۆخەی ئێستا وەك خۆی بمێنێتەوە و بەنیازە یاسای بودجە تەنها بۆ درێژەدان بێت بەسەربەخۆیی فرۆشتنی نەوت و بڕێك پارە لە بەغداوە وەك پێشتر بنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوانیش بەردەوام بن بەوشێوەیەی ئێستا بەلێبڕینی مووچەوە، مووچە بەخەڵك بدەن.
وتیشی، لەبەر ئەوەی یاسای بودجەی گشتی 2021ی عێراق لەخزمەتی حزبە دەسەڵاتدارەكان و مانەوەی دۆخەكە وەك ئێستا داڕێژرابوو، هەربۆیە سەری نەگرت و دەنگدان لەسەری دواخرا بۆ شەممەی داهاتوو، پێویستە حكومەتی هەرێم ئامادەبێت داهاتە نەوتیەكان و نانەوتییەكان بەوشێوەیەی لەیاساكەدا هاتووە بگەڕێنێتەوە بەغدا بۆئەوەی بەشەبودجەی هەرێم بنێردرێت و ئەمە باشترین دەرفەتە بۆئەوەی كێشەی مووچەی خەڵك چارەسەربكات.
كاوە محەمەد دووپاتیشیكردەوە، یەكێتی و پارتی مەبەستیانە لەسەر دەقێك لەگەڵ بەغدا رێكبكەون وئەوەی كەبەرژەوەندیە حزبیەكانی خۆیانە وەك ئێستا بیپارێزن و خەڵكیش هیچ قازانجێك نەكات و دۆخی مووچەخۆران وەك خۆی بمێنێتەوە.