ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاریداوە 8 پاتری سیستمی بەرگری موشەكی وڵاتەكەی ناسراو بە “پاتریۆت” لە ژمارەیەك دەوڵەت لەناویشیاندا عێراق بكشێنێتەوە، ئەوەش وەك كەمكردنەوەی بوونی لە ناوچەكە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، ئیدارەی جۆ بایدن هەوڵی كەمكردنەوەی بوونی سەربازی وڵاتەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، بەهۆی ئەوەشەوە ژمارەی پاترییەكانی سیستمی بەرگری “پاتریۆت” كەمدەكاتەوە و 8 پاتری لە وڵاتەكانی عێراق، سعودیە، كوێت و ئەردەن دەكشێنێتەوە.
رونیشكراوەتەوە، ئەو هەنگاوەش لە چوارچێوەی رێكخستنەوە و كەمكردنەوەی هێزە سەربازییەكانیەتی لەناوچەكەدا و تەركیز خستنە سەر ئاڵنگارییەكانی لەگەڵ روسیا و چین.
رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، سەرەڕای ئەوەش سیستمی “ساد” لە سعودیە دەكشێنێتەوە و ژمارەی فڕۆكەكانیشی لەناوچەكەدا كەمدەكاتەوە، ئەوەش واتای ئەوەیە كە سەدان سەرباز لە ناوچەكە كەمدەكاتەوە كە لەسەر ئەو سیستمانە كاردەكەن.