یونادەم كنا سەرۆكی فراكسۆنی رافیدەین لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە عێراق ساڵانە 25 ملیار دۆلار داهاتی زیادەی دەست دەكەوێت و داوا دەكات سود لەو زیادە ببینرێت بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار.
یونادەم كنا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردووە، نرخی بەرمیلێك نەوت لە یاسای بودجە 45 دۆلارە بەڵام نرخی لە بازاڕدا 70 دۆلارە، واتا 25 زیادە لە هەر بەرمیلێك دەمێنێتەوە، هەر دۆلارێك زیادەش لە نرخی نەوت ساڵانە یەك ملیار دۆلار دەكات واتا لەئێستادا ساڵانە 25 ملیار دۆلار زیادە دەچێتە سەر داهاتی حكومەت.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی ئەو زیادەوە پێویستە حكومەت پاشەكشە لە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بكات و وەك پێشووی لێ بكاتەوە، چونكە بارودۆخی ئێستا كاریگەری لە زۆربەی چینەكانی كۆمەڵگە وەك كرێكاران و جوتیاران و فەرمانبەران و كاسبكاران كردووە و بووەتە كێشەیەكی گەورەی وڵات كە لەوانەیە ببێتە هۆی كارەساتی كۆمەڵگەیی، بارودۆخی ئێستا تەنها چینێكی كەم سودیان لێبینیوە و پێویستە حكومەت ئاگاداری ئەو كارەساتە بێت بەسەر گەلی عێراقیدا هاتووە.
سەرۆكی فراكسۆنی رافیدەین جەختیلەوەشكردووەتەوە، نرخی كاڵاكان لە بازاڕدا زۆر بەرزبوونەوەتەوە و كاڵا هەیە بە رێژەی 25% و هەیە بە رێژەی 50% و هەشە بە رێژەی 100% بەرز بوونەتەوەو هیچ چاودێرییەكیش نییە، پێویستە دەزگاكانی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی لایەنی تایبەتمەندیان هەبێت بۆ چاودێری بازاڕ.