سەرکردەیەکی پەکەکە دەڵێت، پارتی لە سایەی پەیوەندیەکانی لە گەڵ حزبەکەی لە ئەنجامی نسکۆی 1975 رزگاری بووە، باس لەوەشدەکات، ویستوویان مەسعود بارزانی بکەنە سەرۆکی نەتەوەیی، بەڵام بۆخۆی کشاوەتەوە.
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی حزبەکەی رایگەیاندوە، پارتی لە سایەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە لە ئەنجامەکانی تێکچوونی خۆی لە 1975 ڕزگاری بوو، لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییانەدا دووبارە بوو بە بزوتنەوەیەک کە تێبکۆشێت، ئەم پەیوەندییانە قازانجێکی زۆری بۆ پارتی هەبوو، دەبێت ئەمە بزانرێت و ببینرێت، چونکە ئێستا وەک ئەوەی هیچ پەیوەندییەکمان نەبووبێت نیشاندەدرێت، لە کاتێکدا لە ساڵی 1980ـدا سوودیان لە پەیوەندییەکاندا بینی، بەڵام لە 90ـەکاندا شەڕ ڕوویدا و سەرکەوتوو نەبوون.
باسی لەوەشکردووە: “دوای ساڵی 2000 پەیوەندییەکان باش بوو و بەرەوپێشچوون دروست بوو، خەباتی کۆنگرەی نەتەوەیی پێکدەهات، عەبدوڵا ئۆجەلان و بزوتنەوەی ئێمە پێشنیاری کرد، کە مەسعود بارزانی و لەیلا زانا پێکەوە ببنە هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی، دەڵێن پەکەکە دانمان پێنانێت، دەی پەکەکە ویستی تۆ بکات بە سەرۆکی نەتەوەیی، بەڵام خۆتان پاشەکشەتان کرد، نەک ئەوەی ئەمە نەزانن، ئەمە لەپێش چاوی هەمووان دایە”.