بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، 6 كەسیان دەستگیر كردووە كە حەب و مادەی هۆشبەریان پێبووە و بە رەگەز ئێرانین.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە سێ تۆمەتبار مادەی هۆشبەریان پێیەو بەكارهێنەری ئەو مادانەن، لێكۆڵینەوەكان دەستیان پێكرد.
رونیشكراوەتەوە، سەرئەنجام توانرا سێ تۆمەتبار كە لە دوانیان لەداكیبووی ساڵی 1983ن و یەكیان لەداكیبووی 1994ە لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیر بكرێن، لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیرا بەسەر بڕێك حەب و مادەی هۆشبەردا.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، تۆمەتبارەكان بەڕەگەز ئێرانین و دانیشتووی قەزای دووكانی سەر بەپارێزگای سلێمانین و سێ تۆمەتباری دیكەیان لەگەڵدا بووە، بەشی پۆلیس و بنكەی پۆلیسی فریاكەوتنی دووكان هەستان بەگەڕان و پشكنینی شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتباران و توانرا دەستگیر بكرێن و دەستیش بەسەر بڕێك مادەی هۆشبەری جۆری حەب و حەشیشدا گیرا، سەرجەم تۆمەتباران بەپێی ماددەی 14ی ماددە هۆشبەرەكان راگیراون و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.