یەكێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆی لە پەسەندكردنی سزای شەش ساڵ زیندان بەسەر پێنج لە چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان دەربڕی و لە راگەیەنراوێكدا هانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەدات رێز لە ئازادی رادەربڕین بگرن و یاسای تاوانەكان بۆ سنورداركردنی ئازادی بەكارنەهێنن.
یەكێتیی ئەوروپا راگەیەندراوێك لەبارەی سزادانی حوكمدراوانی بادینان بڵاودەكاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات، نیگەرانییەكانیان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە باس لە ئەشكەنجەدان، نەگەیشتنی دۆسیەكە بە دەستی تیمی پارێزەران و هەروەها گوشارە سیاسییەكانی سەر دۆسیەی ئەو چالاكوانانە دەكرێت.
لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژە بە هەڵوێستی یونامی لەسەر دۆسیەكە دراوە و رایدەگەیێنێت، یەكێتیی ئەوروپا و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق “هاوبەشی ئەو نیگەرانییە جیدییەن كە لەلایەن یوونامی و نووسینگەی كۆمسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتی هاوبەشیان لە 12ی ئایارادا خرایەڕوو كە تێیدا ئاماژەیان بەوە داوە رێز لە بنەما سەرەكییەكانی دادگاییكردنی دادپەروەرانە لەكاتی دادگاییكردنەكاندا نەگیراوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكەدا هاتووە، “شاندی یەكێتیی ئەوروپا و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق هانی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەدەن چاو بە پێشنیازە سەرەكییەكانی راپۆرتی یوونامی و نەتەوەیەكگرتوەكان بخشێننەوە، بەتایبەتی ئەو پێشنیازانەی پەیوەستن بە كۆتاییهێنان بە هەراسانكردن، تۆقاندن و تۆڵەسەندنەوە لە رۆژنامەنووسان و بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ و چالاكڤانان، هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیابوون هەبێت لەوەی كە یاسای تاوانەكان وەك ئامرازێك بۆ سنوورداركردنی ئازادیی رادەربڕین بەكارناهێندرێت.”
یەكێتیی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەدات كە ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی میدیا و هەروەها دادگەی سەربەخۆ، پێكهاتەی سەرەكیی دیموكراسین.