وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری لە قۆناغی داهاتووی پەتای كۆرۆنا دەدات، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبووانی پەتاكە دوای ئەوەی نەوەی دەلتای ڤایرۆسەكە لە وڵاتەكە بڵاوبوویەوە و جەخت لەوەشدەكاتەوە، سەرجەم ئەگەرەكان لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیدا كراوەن.
جاسب حجامی، بەڕێوەبەری تەندروستی كەرتی كەرخ لە شاری بەغدا رایگەیاندووە، قۆناغی داهاتوو سەختە و مەترسیدارە، ئەوەش دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا بەهۆی نەوە نوێكەی ئەو ڤایرۆسەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، نەوە نوێكە پەرەی بەخۆی داوە و مەترسی راستەقینە دروست دەكات، توندترە و خێراتر دەگوازرێتەوە، بەهۆیەوە تەندروستی نەخۆش زۆر بەخێرایی و لە رۆژانی سەرەتای توشبوونەوە تێكدەچێت، هەنێك جاریش كتوپڕ روودەدات.
سەبارەت بە ئەگەری گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ حجامی وتویەتی، سەرجەم بژاردەكان لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیدا كراوەن، لیژنە راوێژكاریەكان لێكۆڵینەوە لە ئەگەری گرتنەبەری رێوشوێن دەكەن لە رۆژانی جەژنی قورباندا، ئەوەش لەپێناو كۆنترۆڵكردنی شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا.