نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاند، لە ساڵی 2020دا نزیكەی 10%ی دانیشتوانی زەوی تووشی بەدخۆراكی و برسێتی بوون.
بەپێی راپۆرتێكی هاوبەشی پێنج دامەزراوەی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان، ساڵی رابردوو ئاستی برسێتی لە سەرتاسەری جیهان زیادی كردووە و بڵاوبوونەوەی كۆرۆناش هۆكارێكی سەرەكیەتی.
بەپێی ئەو راپۆرتە لە ساڵی رابردوودا 10%ی دانیشتوانی زەوی كێشەی بەدخۆراكی و كەمبوونی خۆراكیان هەبووە و زۆرترین رێژەی ئەو كێشەیەش لە كیشوەری ئەفریقا تۆماركراوە، كە 21%ی دانیشتوانەكەی گیرۆدەی كێشەی كەمی خۆراك بوون.
وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە برسێتی راستەوخۆ كاریگەری كردووەتە سەر كێش و باڵای منداڵان و نزیكەی 150 ملیۆن منداڵ بەهۆی بەدخۆراكیەوە كێشەی گەشەنەكردنی باڵایان هەبووە لە ساڵی رابردوودا و 50 ملیۆن منداڵیش كێشیان بە رێژەیەكی زۆر كەمی كردووە.
نەتەوەیەكگرتوەكان ئاماژەی بەوەشكردووە، بە ئەگەری زۆر لە ساڵی 2020دا ژمارەی ئەو كەسانەی تووشی برسێتی دەبن بگاتە 660 ملیۆن كەس و لەو ژمارەیە راستەوخۆ 30 ملیۆن كەسیان بە هۆی بەردەوامی كاریگەرییە نەرێنیەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دەكەونە ئەو دۆخەوە.