كۆشكی سپی رایگەیاند، وادەی كۆبوونەوەی سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكوەزیرانی عێراقی ئاشكرا كرد و رایگەیاند، چەندین پرسی سیاسی، ئابوری و ئەمنی لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێ دەكرێن.
بەپێی راگەیەنراوێكی كۆشكی سپی، رۆژی 26ی ئەم مانگە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا، پێشوازی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەكەش جەختكردنەوەیە لەسەر پەیوەندی ستراتیجی نێوان واشنتن و بەغدا”.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سەرۆكی ئەمەریكا، هیوادارە پەرە بە پەیوەندی زیاتر لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەكانی، سیاسی، ئابووری و ئەمنی، بە تایبەت لە رووبەڕووبونەوەی داعشدا بدرێت.
پێشتر حسێن عەلاوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتن، بۆ جەختكردنەوەیە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق. بڕیاریشە سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند وڵاتێكی ئەوروپاش بەسەربكاتەوە.