ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، حكومەتی عێراق دڵنیای كردونەتەوە لە ناردنی 200 ملیار دینارەكە و ناردنی بەردەوام دەبێت.
ئامانج رەحیم لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندووە، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق وەزیری دارایی و نەوتدا، دڵنیا كراونەتەوە لە بەردەوام بوونی ناردنی 200 ملیار دینارەكە لە چوارچێوەی بودجەی عێراق.
سەبارەت بە بەردەوامی دابەشكردنی موچە بەبێ لێبڕین ئاماژەی بەوەداوە، بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە و داهاتی ناوخۆ، پارەی پێویست لە بەردەستدا دەبێت بۆ دابەشكردنی موچە بەبێ لێبڕین.
سەبارەت بە گفتوگۆكانی ئەمریكا و عێراق لە واشنتن هێمای بۆ ئەوەكردووە، لە كۆبونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا باس لە پێشمەرگە كراوە و هاوكاری دارایی 17 ملیۆن دۆلار بۆ لیوا هاوبەشەكان بەردەوام دەبێت، لە ئەگەری رێكخستنەوەی زیاتر و یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 هاوكارییەكان زیاتر دەبن، هەروەها هەرێمیش وەك بەشێك لە عێراق سودمەند دەبێت لەم گرێبەستانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ دەكرێن.