قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دەیانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگەڕێننەوە.
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆران لە مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەكە بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی نوێی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی كۆبوونەوە.
دوای كۆبوونەوەكە قوباد تاڵەبانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، “باسی میكانیزمی چۆنێتیی كاركردنی هاوپەیمانیێتیەكەمان كرد، ئەركەكانمان دابەشكرد بەسەر لیژنە هاوبەشەكان، وەكو ئاگادارن بانگەشە دەستیپێكردووە، ئێمەش لەو قۆناخەدا هەموو هێزەكان و رێكخستنەكان و جەماوەری خۆمان دەخەینەگەڕ لە پێناوی سەرخستنی هاوپەیمانێتییەكەمان، تاوەكو باشترین خزمەت بە دانیشتووانی كوردستان و عێراق بكەین.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا قوباد تاڵەبانی لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكە رایگەیاند، “ئاماژەمان بەوەداوە كە ئێمە دەمانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگەڕێنینەوە، تاوەكو بە یەكەوە بە بەهێزی لە بەغدا بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان بكەین، بتوانین بە هێزێكی یەكگرتوو لەژێر یەك چەتر بەرگری لە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان بكەین.”