تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی زەنگی مەترسی لە سلێمانی لێدەدات و جەخت لەوە دەكاتەوە، دۆخی كۆرۆنا لەو پارێزگایە مەترسیدارە و نەخۆشخانەكان پڕبوون و شوێن نەماوە و سلێمانی لە لێواری كارەساتە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، زانیاری هەستیارمان بەدەست گەیشتوە لە بارەی دۆخی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی، بەگوێرەی زانیارییەكان ژمارەی نەخۆش لە رادەبەدەر زۆر بوون و دۆخەكە بەجۆرێكە هیچ جێگایەك نەماوە بۆ نەخۆشی تر.
ئەوەش هاتووە، پزیشكێك پێی راگەیاندوون كە نەخۆشی وا هەیە زۆر دۆخی خراپە بەڵام بەهۆی نەبونی جێگاوە داخڵی نەخۆشخانە ناكرێت، تۆڕەكە داواش هەموو لایەك دەكات بەپەلە چارەیەك بۆ دۆخی شارەكە بكەن ئەگینا كارەساتی مرۆیی گەورە بەڕێوەیە.
بەپێی كۆتا ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم تائێستا زیاتر لە 240 هەزار توشبووی كۆرۆنا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان تۆمار كراو كە كە نزیكەی 78 هەزاریان لە سلێمانین و ماوەی چەند رۆژێكە رۆژانە لەو شارە نزیكەی هەزار توشبوو تۆمار دەكرێن.