بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا باسی لەوەكردووە، “دانیشتوانی گوندی بێستانسوور ڕێگرن لەوەی كارەبای زیرەكیان بۆ ببەسترێت، هەر بۆیە پێدانی كارەبا بەو گوندە كە پێشتر 24 كاتژمێر بووە بە هۆی بوونی پڕۆژەی ئاوەوە، لەئێستادا بۆ 18 كاتژمێر كەمكراوەتەوە”.
لە ڕوونكردنەوەیەكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، “پرۆژەی ئاوی گوندی بێستانسوور كە ئاوی بەشێك لە قەزای شارەزوور و ناحیەی عەربەت دابین دەكات، ماوەی چەند ساڵێكە كارەبای بەردەوامیان هەیە، بەڵام كاتێك ستافی بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا چوونەتە سنورەكە، دانیشتووانی گوندی (بێستانسور) رێگریان كردووە لەبەستنی پێوەری زیرەك، بۆئەوەی بەئارەزووی خۆیان بەبێ (پێوەر) كارەبا بەكاربهێنن”.
راشیگەیاندووە، لە ئێستادا بەرنامەی كارەباكەیان كراوە بە 18 كاتژمێر، شەش كاتژمێر كەمكراوەتەوە، لە كاتێكدا لە ناوشاری سلێمانی 12 بۆ 13 كاتژمێر كارەبا هەیە، ئەو بەرنامەیەش لەسەر داوای (فەرمانگەی ئاوی) سنورەكە دانراوە، هەرچەندە كاریگەری لەسەر دابەشكردنی ئاو لەسنورەكە نابێت، ئەوە دانیشتوانی گوندەكەن، رێگرن لە دابەشكردنی ئاو”.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ئەوەشی خستۆتەڕوو، “تا ئیدارەی سنوورەكە ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەن و پێوەری زیرەك بۆ گوندە دەبەسرێت، بەرنامەی كارەباكەیان بەو شێوەیە دەبێت”.