یەكێتی پەرلەمانتارانی عێراق وەڵامی باقر جەبر زوبەیدی پەرلەمانتار و وەزیری پێشوو دەداتەوە تێیدا هاتووە، ئەوەی باسی كردووە گوایە ئەندامانی لیژنەی نوسینەوەی دەستور لە ساڵی 2005 هەر یەكەیان بڕی 150 هەزار دۆلاریان وەرگرتووە دوورە لە راستیەوە.
یەكێتی پەرلەمانتارانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، زوبەیدی باسی لەوە كردووە گوایە ئەندامانی نوسینگەی دەستور لەساڵی 2005 هەریەكەیان بڕی 150 هەزار دۆلاری ئەمریكی دیاریان وەرگرتووە، بەڵام هۆكار و ئەو لایەنەشی ئاشكرا نەكردووە كە پارەكەی داوە.
رونیشكراوەتەوە، داواكارین لە ناوبراو زیاتر وردبێت و سەرچاوەی زانیاریەكە ئاشكرا بكات، چونكە سوكایەتی كردن بە چینێكی سیاسی عێراقی كە پیاوانی ئایینی و ئەكادیمی و سیاسی و شێخی عەشایەرن و ناسراون بە پاكی و سەنگینی كۆمەڵایەتی و خەمی نیشتمانییان كاری كەسێكی سیاسی شارەزای وەك ئەو نییە.
یەكێتی پەرلەمانتارانی عێراق داواش لە باقر جەبر زوبەیدی دەكات، داوای لێبوردن بكات بۆ ئەو هەڵەیەی كردوویەتی كە لەوانەیە بەهۆی هەڵەی سەرچاوەكەیەوە بێت، بە پێچەوانەوە لەوانەیە دادگا بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.