بەهۆی نەوەی دەلتای كۆرۆنا و زیاتر بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین و یەك بەرمیل خاوی برێنت بە نزیكەی 65 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
بەپێی راپۆرتە ئابوریەكان، لەماوەی هەفتەی رابردودا خاوی برێنت 8%ی نرخەكەی لەدەستداوە و یەك بەرمیل گەیشتووەتە 65 دۆلار و 18 سەنت، ئەوەش كەمترین نرخە لەمانگی نیسانی ئەمساڵەوە تۆماری كردبێت.
بەپێی ئەو راپۆرتانە، هەروەها خاوی تەكساسی ئەمریكی لە ماوەی هەفتەیەكدا 9%ی نرخەكەی لەدەستداوە و یەك بەرمیل دابەزیوە بۆ 62 دۆلار و 32 سەنت، بەرمیلێك نەوتی خاوی ئۆپێكیش كە بەرزترینە بە 66 دۆلار و 8 سەنت دەفرۆشرێت.
شارەزایانی بازاڕی نەوت دەڵێن، دابەزینی بەردەوامی نەوتی خاو بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەردەوامی نەوەی دەلتای كۆرۆناوەیە، كە بەهۆیەوە ژمارەی توشبووان لە جیهاندا بەتایبەتی لە وڵاتە گەورە بەكارهێنەرەكانی نەوت زیادیان كردووە و ئەوەش بووەتە هۆی سەپاندنی كۆت و بەند و كەرەنتینەی زیاتر، بەهۆی ئەوەشەوە خواست لەسەر نەوت كەمی كردووە.