سەرۆكی هەرێم لە ساڵڕۆژی 33 ساڵەی ئەنفالی بادینان رایدەگەیێنێت، “جەخت دەكەینەوە كە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەبێ بڕیارەكانی دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانییان جێبەجێ بكات، لە هەرێمی كوردستانیش خزمەتی زیاتر بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بكرێت.”
لە یادی 33 ساڵەی ئەنفالی بادینان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا باس لەوەشكراوە، “یادی شەهیدان و رەنج و قوربانییەكانی گەلی كوردستان هانمان دەدات كە بۆ تێپەڕاندنی سەختییەكانی ئێستا و لەپێناو داهاتوویەكی باشتردا بۆ هەموو پێكهاتەكانی كوردستان، یەكڕیزیی و تەبایی و پێكەوەییمان پتەوتر بكەین.”
سەرۆكی هەرێم لە بارەی تاوانی ئەنفالەوە رایگەیاندووە، “تاوانكاران لە بەردەوامیی ئەو شاڵاوەدا، زۆر بە دڕندەیی لە تاوانێكی بێهاوتادا لە گەرمیانەوە تا دوایین دێهاتەكانی بادینان (182) هەزار هاووڵاتیی كوردستانیان بەرەو بیابانەكانی مەرگ لە باشووری عێراق راكێش كرد و وەك چۆن لە بادینان كردیان”.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات، “دەبێ كاری جددی بۆ بەدۆكیومێنتكردنی تاوانەكان و ناساندنیان بە جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بكرێت و هەموو هەوڵێك بخرێتە گەڕ تا رێگە لە دووبارەبوونەوەی تاوانكاریی وا لە هەموو شوێنێكی سەرزەمین بگیرێت و مرۆڤایەتی هەرگیز تاوانی وا نەبینێتەوە.”