
د.سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، چوار هەفتەی سەرەتای دەست پێ كردنەوەی دەوام دانراوە بۆ قەرەبوو كردنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندنی ساڵی رابردوو.
د.سەیوان بە دەنگی ئەمریكای وتووە، لە 14 ی ئەم مانگە دەست دەكەین بە دەوام و بەشێوەیەكی گشتی دەوام دەكرێتەوە و لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا ئاسایی دەبێت، واتە تاوەكو ئێستا پلانمان ئەوەیە كە هەموو رۆژێك دەوام ببێت.
سەبارەت بە دابەش كردنی ڤاكسین بەسەر مامۆستایاندا وتی، تاوەكو ئێستا نزیكەی 25 هەزار مامۆستا پێكوتەیان وەرگرتووە، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەماهەنگیمان هەیە كە هەموو دەستپێشخەریەك بكەن بۆ ئەوەی مامۆستایان پێكوتەی وەربگرن، هەموو رۆژێكی سێ شەممانیش لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە دانراوە بۆ ئەوەی پێشینە بدەن بە مامۆستایان.
بریكاری وەزارەتی پەروەردەی هێمای بۆ ئەوەش كردووە، تائێستا وەرگرتنی پێكوتە نەكراوە بە مەرج بەڵام داوامان كردووە هەموو مامۆستایان وەریبگرن، وەزارەتی تەندروستیش هەموو یارمەتیەكمان دەدات بۆ ئەوەی مامۆستایان پێكوتەكە وەربگرن.
