
تۆپخانە و فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی ئێران چەند ناوچەیەكی سنوری سیدەكان و دەڤەری باڵەكایەتیان تۆپباران و بۆردومان كرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ تۆپخانە و فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی سوپای پاسدارانی ئێران سنوری چەند گوندێكی سیدەكان و باڵەكایەتیان تۆپباران و بۆردومان كرد، كە بارەگای بەشێك لە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی تێدایە.
بەپێ زانیارییەكان ئەو تۆپباران و بۆردومانە، جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
ئەو هێرشە لە كاتێكدایە كە رۆژی دووشەممە 6-9-2021 محەمەد پاكپور فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران و رۆژی چوارشەممەش محەمەد تەقی ئۆسانلو فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسداران هۆشداریان دابوو لە ئەگەری كردنە ئامانجی بنكەی هێزە دژبەرەكانیان لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان.

