
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ھانی حكومەتی عێراق دەدات بۆ ھەوڵەكانی بە ئامانجی پاراستنی گیانی ئەو ژنانەی، كە بۆ ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختە خۆیان كاندیدكردووە .
جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لەوتەیەكدا لە میانی 13 ھەمین كۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان لە بەغدا ڕایگەیاند، توندوتیژی دژبە ژنان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا بە ڕوونی دیارە و توندوتیژی دژبە ژنان تەنها لە رووی جەستەوە خۆی نابینێتەوە.
باسی لەوەشکرد: “هەولێك هەیە ئەو ژنانەی بۆ ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختە خۆیان كاندیدكردووە، لاواز بكرێن و زیانیان پێ بگەیەندرێت”.
پلاسخارت راشیگەیاند، حكومەتی عێراق هان دەدەن بۆ ئەوەی هەوڵەكانی بە ئامانجی پاراستنی گیانی ئەو ژنانەی كە بۆ ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختە خۆیان كاندیدكردووە، بخاتەگەڕ و گرنگە سزای توندی ئەو كەسانە بدات، كە ھەوڵدەدەن زیان بە ژنان بگەیەنن.
هەر وەک داواشی کرد، كە حكومەتی عێراق ئاستەنگەكانی بەردەم بەشداریكردنی ژنان لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لاببات.

