
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، تاڵیبان راستگۆ نەبوون لە جێبەجێ كردنی بەڵێنەكانیان، بۆیە ئامادە نین دان بە حكومەتەكەیدا بنێن.
ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە، تاڵیبان بەڵێنیان دابوو، رێگە لە بیانیەكان ئەو ئەفغانستانیانە نەگرن، كە دەیانەوێت لەو وڵاتە بچنە دەرەوە، هەروەها باسیان لە پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر كردبوو، كە نوێنەری سەرجەم لایەن و پێكهاتەكانی تێدابێت، بەڵام راستگۆ نەبوون.
وتیشی: فەرەنسا دان بە بزوتنەوەی تاڵبان و حكومەتەكەیدا نانێت و چاوەڕێن تاڵیبان هەندێك هەنگاو هەڵبگرێت، چونكە دواجار ئەوان پێویستیان بە پەیوەندی نێودەوڵەتی و مامەڵەی ئابوریی و بازرگانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە هەیە.
پێشتریش ئەمریكا، بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپا باسیان لەوەكردبوو، كە ئامادەنین لەئێستادا دان بە حكومەتەكەی تاڵیباندا بنێن و بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بزوتنەوەیەش چاویان لەسەر كردەوەكانیەتی نەك لێدوان و بەڵێنەكانی.


