
نرخی نەوتی خاو بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و یەك بەرمیل خاوی برێنت 75 دۆلاری ئەمریكی تێپەڕاند، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی پاشەكشەی بڕی نەوتی عەمبار كراوی ئەمریكاوە.
بەپێی راپۆرتە ئابورییەكان، نرخی نەوتی خاو بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و لە كۆتا مامەڵەدا 18 سەنتی تر چووەتە سەری و یەك بەرمیل خاوی برێنت بە 75 دۆلار و 64 سەنتەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت.
ئەوەش هاتووە، هەروەها بەرمیلێك خاوی خۆرئاوای تەكساسی ئەمریكا بە هەمان شێوە 18 سەنتی تر زیادی كردووە و یەك بەرمیل بەرامبەر 72 دۆلار و 79 سەنتە، بەرمیلێك خاوی رێكخراوی ئۆپێكیش بەرامبەر 72 دۆلار و 23 سەنتە.
شارەزایان باس لەوە دەكەن، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی پاشەكشەی نەوتی عەمبار كراوی ئەمریكاوەیە كە گەورەترین بەكاربەری نەوتە لە جیهاندا و بەهۆی زریانی ئایداوە بەرهەمهێنانی نەوت لە كەنداوی مەكسیك بەشێوەیكی بەرچاو دابەزی.

