
سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پلانی جێگرەوە دژی ئێران دادەنێن لە ئەگەری نەگەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی و زیاتر پەرەپێدان بە بەرنامە ئەتۆمیەكەی.
میدیاكانی ئەمریكا لە زاری بەرپرسێكی كۆشكی سپیەوە بڵاویانكردەوە، هەریەك لە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و نافتالی بێنیت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەكدا بڕیاریان داوە پلانێكی جێگرەوە دابنێن لە ئەگەری شكستهێنانی وتوێژەكانی تایبەت بە بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
ئاماژە بەوەشكراوە، كۆبوونەوەی بایدن و بێنێت ماوەیەكی زۆری نەخایەندوە و بە شێوازی پەیوەندی ڤیدیۆیی ئەنجام دراوە، هەروەها جۆ بایدن بە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل راگەیاندوە، “ئەگەر ئێران بە زوترین كات نەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەكان و دەست لە چەكی ئەتۆمی هەڵنەگرێت، ئەوا سزای زۆر قورستری بەسەردا دەسەپێنن”.
تا پێش هاتنە سەركاری ئیبراهیم رەئیسی وەك سەرۆك كۆماری ئێران، شەش خولی دانوستان بەمەبەستی بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەو وڵاتە و وڵاتانی زلهێز لە ڤییەننا بەڕێوەچووبوون و لە ئێستا هەوڵی دەستپێكردنەوەی ئەو دانوستانانە دەدرێت.
رۆژی سێشەممە، حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە 76هەمین كۆبونەوەی نەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەی هەموو جۆرە رێككەوتنێكە بە مەرجێك ئەمریكا سەرجەم سزاكانی سەر وڵاتەكەی بەبێ مەرجی پێشوەختە لاببات.

