
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە دوای 8ـی تەممووزەوە “هاشوهوشی سۆشیاڵمیدیا” کەمبووەتەوە، بە وتەی ئەو “تەنیا لە مانگی حوزەیراندا 800 هەزار دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی سۆشیاڵمیدیا لە سلێمانی خەرجکراوە، سایت هەبووە بودجەی مانگانەی لە ئیدارەی گشتیی یەکێتی 80 ملیۆن دینار بووە و چەندین جار دژایەتی کارەکانی ئێمەی کردووە.”
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتیشی: ئەو میدیا و سۆشیاڵمیدیایانە “بە پارەی شەرعی و ناشەرعی بەڕێوەدەبران، بەشێک لەو میدیایانە بە پارەی یەکێتی بەڕێوەدەبران و دژایەتیی یەکێتیشیان دەکرد، چەندین دۆسیەشیان لەسەر بەرپرسانی یەکێتی کردووەتەوە.”
لەبارەی ئازادیی میدیا و میدیاکارانەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “هەتا هەبم رێگە نادەم لە زۆنی سەوز بە هەمانشێوەی بادینان رۆژنامەنووس بدرێتە دادگە، لە کفری هەتاوەکو دێگەڵە فەرهەنگێکی جیاواز بەراورد بە دێگەڵە بۆ زاخۆ هەیە.”
قوباد تاڵەبانی باسی کارەکانی خۆی وەکو جێگری سەرۆکوەزیران کرد، ئاماژەی بەوە دا، “چەندین کەس لەنێو بنەماڵەکەم هەبوون کە پێشتر رێگربوون لە کار و چالاکییەکانم و دژایەتییان دەکردم، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، ئێستا لێپرسینەوە هەیە، هەوڵەکانیش بەو ئاراستەیە دەڕۆن کە دەسەڵات شۆڕ ببێتەوە.”


