
ئەحمەد لعێبی وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئاشكرای كرد، وڵاتەكە بڕی 180 بۆ 350 ملیار دۆلار پارەی دزەپێكراو لە دەرەوە هەیە و رێكەوتن لەگەڵ 3 دەوڵەتدا كراوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە.
ئەحمەد لعێبی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، كۆنگرەی “گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانی عێراق” هەنگاوی یەكەم بوو بۆ گەڕاندنەەوەی ئەو پارانە، ئەوەی لێی كەوتەوە لەسەر رێنماییەكان رێكەوتن لەگەڵ چەند دەوڵەتێكدا كراوە كە پارەی عێراقیان تێدایە ئەو دەوڵەتانەش پارەیان لە عێراقدا هەیە”.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەوڵەتانەی رێكەوتنیان لەگەڵ كراوە “ئەردەن، میسر و سویسرا”ن ئەو پارانەی رژێمی پێشوو دەستی بەسەردا گرتوون و لەو وڵاتانە دایناون و دواتر سڕكراون دەگەڕێندرێنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی داد باسی لەوەش كرد، هەروەها لایەنە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەكانیش خواستی ئەنجامدانی ئەو جۆر رێكەوتنەیان هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا خەمڵاندنێكی ورد نییە بۆ بڕی ئەو پارانەی عێراق كە دزەیان پێكراوەتە دەرەوە، بەڵام لەنێوان 180 بۆ 350 ملیار دۆلاردایە.

