
رۆبێرتۆ پالادینۆ، كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر دەڵێت، جۆ بایدن سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێی وایە، سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە سەقامگیری عێراق و هەرێمی كوردستانەوە، جەخت لەوەش دەكاتەوە كە وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە.
رۆبێرتۆ پالادینۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كێڵگەی نەوتی “چەمانكێ” لە دهۆك وتی، ئەمریكا پابەندە بە پشتگیری كردنی هەرێمی كوردستان و جۆ بایدن سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكان پێی وایە، سەقامگیری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە سەقامگیری عێراق و هەرێمی كوردستانەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە تا ئەو كاتەی كە چیتر پێویست ناكات، هەروەها هاوكار دەبێت لە سەقامگیری هەرێم لە رووی ئەمنییەوە و گەشەپێدانی لە رووی ئابورییەوە.
كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان وتیشی، كار دەكەین بۆ ئەوەی كۆمپانیا گەورەكان بێت و لە بواری وزەدا لە هەرێم كار بكەن و رۆڵی كارایان هەبێت لە پرۆسەی وەبەرهێنان.

