
پەردە لەسەر گەورەترین گەندەڵی سەدان و كەسایەتی سیاسی جیهان هەڵدرایەوە، كە تیایدا دەردەكەوێت پلە و پۆستەكانیان بۆ بەدەستهێنان سامان و بەرژەوەندی تایبەتی قۆستوەتەوە و لە چەندین رێگەی نایاساییەوە پارەكانیان لە وڵاتەكانیان بردووەتە دەرەوە.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسە بنكۆڵكارەكان (ئای سی ئای جەی)، لە رێگەی میدیاكانی بەریتانیاوە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی لە بارەی سامانی 35 سەركردەی ئێستا و رابردووی وڵاتان و 300 كەسایەتی سیاسی بڵاوكردەوە، كە بە رێگەی نایاسایی و لە رێگەی بەكارهێنانی پۆستەكانیانەوە كۆیانكردوەتەوە.
لەو لێكۆڵینەوەدا 650 لێكۆڵەر لە 117 وڵاتەوە لە ماوەی حەوت ساڵدا چاوخشاندنەوەیان بە سەر زیاتر لە 12 ملیۆن بەڵگەنامەی 14 كۆمپانیای داراییدا كردووە.
بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە عەبدوڵای دووەم شای ئوردن تەنها لە ئەمریكا بە بەهای نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار موڵك و بینای كڕیوە، هەروەها تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و هاوسەرەكەی بە بڕی 312 هەزار پاوەن نوسینگەیەكیان كڕیوە و لە رێگەی كۆمپانیایەكی داراییەوە خۆیان لە باج دزیوەتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، كە ڤلادمیر پۆتن سەرۆكی روسیا لە رێگەی چەند كۆمپانیایەكەوە بەشێك لە سامانەكەی گواستوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی و ئیلهام عەلیێڤ سەرۆكی ئازەربایجانیش بە بڕی سەدان ملیۆن دۆلار لە دەرەوەی وڵاتەكەی، بە تایبەتی لە ئەمریكا و بەریتانیا موڵكی كڕیوە و تەنها یەكێك لە موڵكەكانی، كە بەهاكەی 33 ملیۆن پاوەنە لەسەر ناوی كوڕە تەمەن 11 ساڵەكەی تۆمار كراوە.


