
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
هاونیشتیمانییانی خۆشەویست
کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە و فەرماندە ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ، کەمئەندامانی سەنگەر، دەنگدەر و دانیشتوانی دەڤەری سۆرانی سەربەرز.
دەمەوێت لەسەرەتادا لە ناخی دڵمەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی پەرۆشی و خەمخۆری و دڵگوشراویتان بکەم بۆ بە ئومێدەوە چاوەڕوانبوون لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێڕاق.
مەبەستمە، سوپاس و پێزانینی بێ پایانم ئاڕاستەی تەواوی خەڵکی دەڤەری سۆران بکەم بۆ بەدەنگەوە هاتن و پێشوازی گەرم و باوەش کردنەوەتان بۆ سەرخستنی بەندە بۆ پەرلەمانی عێڕاق، و مسۆگەر جۆش و خرۆش و پەرۆشیتان بۆ هەمیشە لە یاد و یادەوەریماندا دەمێنێتەوە. سوپاسی هەر کەسێک دەکەم چی بە دەنگدان یان بە هاندانی هاووڵاتییان بەشداربوون لەم پڕۆسەیە و سوپاسی نەبڕاوەی پەرۆشی و بەشداری کاراتان دەکەم لە سەرخستنی پڕۆسەکەدا.
بێگومان، ئەمەکدار و بە وەفا دەبین بەرامبەر بەو متمانە و جۆش و خرۆشەی ئێوەی سەربەرز و پشتیوانیتان زامنی بەردەوامی و سوورترکردنمانە بۆ خزمەتکردنی ئێوەی بە ئەمەک و وەفادار. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان،دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان، لە ڕێگەی چەند تیمێکی شارەزاوە تەواوی شریتەکانی دەنگدانمان کۆکردنەوە و لای خۆمان پاراستمانن.
دوای کۆکردنەوەی کۆی دەنگەکان، سەرباری چاوسوورکردنەوە و ترساندن و گزیکردن، ژمارەی دەنگەکانی بەندە گەیشتنە نزیکەی (٢٨،٠٠٠) بیست و هەشت هەزار دەنگ و بەمەش زیاتر لە پێویستی کورسییەکی پەرلەمانیمان مسۆگەر کرد.
بەڵام دوای کاتژمێر (١١)ی شەوی ١٠ی ئۆکتۆبەر، یارییەکی مەترسیدار و بە چەندین ڕێگەی جیاواز جیاواز بە دەنگەکانتان کرا، بە جۆرێک کە ژمارەکان لە هەر شوێنە و بە جۆرێک دەخوێندرانەوە.
ئێمە ئێوەی سەربەرز دڵنیا دەکەینەوە کە لە دەنگەکانتان خۆشنابین و سکاڵای یاسای تۆمار دەکەین و تەواوی شریتی دەنگدان و بەڵگە و دۆکیمێنتەکان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین.
هەرچەندە، ئاسوودەین کە پشتیوانی و خەمخۆری ئێوە بۆ پڕۆسەکە زیاترە لە چەندان مەقعەدی پەرلەمانی، بەڵام دەنگەکانتان ئامانەتن و بەرگری جیددییان لێدەکەین تا دەگەینە ئەنجامی کۆتایی.
لێرەشەوە هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە گوایە هەڤاڵێکی یەکێتی بەشێک بێت لە یاریکردن بە دەنگەکانەوە، بەپێچەوانەوە هەم هەڤاڵی هاوسەرۆک- هاڤاڵ بافڵ تاڵەبانی و هەم هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی و هەڤاڵ دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، چۆن لە بانگەشەکەدا پشتیوان و هاوکارمان بون ئێستاش بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گێڕانەوەی دەنگە دزراوەکانتان.
لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم، تەواوی ئەنجامە بەراییەکان ڕەتدەکەینەوە چونکە یارییەکی مەترسیدار بە دەنگەکانتان کراوە، و زیاتر لە ١٦١ سندوقیش تا دوێنێ نەنێردرابوون بۆ بەغدا، کە ٨٠ سندوق لە ناویاندا هی بازنەی یەکی سۆرانن؛ دڵنیاشتان دەکەمەوە کە دەنگی ئێوە ئامانەتە و تەواوی دەنگەکانتان بە ئامانەتەوە سەیر دەکەین و پاراستنییان بە ئەرکی لە پێشینەمان دەزانین، و دڵنیابن هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرینە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە دزینی دەنگەکانتان.
فیصل کەریم خان محمود برادۆستی
١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١
