
وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت و بەنزین سەردانی بەغدا دەكات و وتیشی: دەیانەوێت لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق پلانێكی ستراتیژی بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت و بەنزین دابنێن.
كەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەمبوونەوەی بەنزینەوە لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە، ئەوەی ئێستا هەیە، قەیران نییە، بەڵام راستە بەنزین كەمبووەتەوە و دوو هۆكاریشی هەن، یەكەم: نەناردنی بەنزین لەلایەن ئێرانەوە و دووەمیش: پابەندنەبوون بە ناردنی یەك ملیۆن لیتر بەنزینی رۆژانە لەلایەن بەغداوە.
كەمال ئەترووشی باسی لەوەشكرد: “بەنزینی ئێرانی، دوو گرفتی سەرەكی هەیە، یەكەمیان خراپی كوالێتییەكەی و دووەمیشیان هەركاتێك ئێران بیەوێ، ناینێرێت”.
وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەكرد، بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەنزین و دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانیاندا، رۆژی شەممە سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق كۆدەبێتەوە و وتیشی “دەمانەوێ پلانێكی ستراتیژی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دابنێین”.
