
ئەنجومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەری لەكۆبوونەوەیەكدا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی تاوتوێ كرد و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا داوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەنجومەنی باڵای حزبەكەی رەتكردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی كۆمەڵی دادگەری، بە سەرپەرشتیی عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری، ئەنجومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵ لە سلێمانی كۆبوەوە و لە میانی كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەری سوپاسی ئەندام و كادیر و دەنگدەرانی كۆمەڵی دادگەریی كرد كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا لە هەوڵی سەرخستنی كۆمەڵی دادگەری و كاندیدەكانیدا بون.
لەراگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئەنجومەنی سەركردایەتیی لیژنەیەكی بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی دامەزرێنەران و ڕا و سەرنجی ئەندامانی سەركردایەتی بەمەبەستی دیارییكردنی ئەو كەس و ئۆرگانانەی لە ئەنجامی كەمبونەوەی كورسییەكانی كۆمەڵ كەمتەرخەم بون دروستكرد، بەڵێنیشیدا لەپێناو چارەسەری ئەو كەموكورتییانەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا ڕویاندا، هەڵوەستەی جددی لەسەر تێبینی و ڕەخنەی دڵسۆزان و ئۆرگانەكانی كۆمەڵ بكات و بەوردی بەدواداچونیان بۆ بكات”.
ئاماژە بەوەشكراوە، “لە نوێترین پێشهاتی ئەو كۆبونەوەیەدا، ئەنجومەنی باڵا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی خستە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەڵام لەلایەن سەركردایەتییەوە ڕەتكرایەوە، بەتایبەت كە ماوەی چەند مانگێكە كۆنگرە كراوە و هێشتا پێكهێنانی ئۆرگانەكان تەواو نەبون”.

