
عەبدولناسر ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، چاوەڕانی ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2022 لە حكومەت دەكەن، دواكەوتنی كۆبونەوەكانی پەرلەمانیش كاریگەری كردۆتە سەر چاڵاكیەكانی پەرلەمانتاران.
عەبدولناسر ئەحمەد بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی وتووە، چاوەڕوان بووین حكومەتی هەرێم پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 بنێرێتە پەرلەمان كەچی بەهۆی ئەوە لەكاتی خۆی نەگەیشت، ئێستا كاتی ئەوەیە پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 بنێرێت.
هێمای بۆ ئەوەشكردووە، بوونی یاسای بودجە بایەخی زۆری هەیە بۆ زانینی خەرجی و داهاتەكان، هاوكات رێگا لە گەندەڵی و بەهەدەردان دەگرێت، دەبێتە بەربەست لەبەردەم ئەو پێشێلكاریانەی لە موچەی فەرمانبەران روودەدا.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەروەها پێویستە لیژنە تایبەتەكانی پەرلەمان لە چاودێری دامودەزگاكانی حكومەت بەردەوامبن وەك یەكێك لە ئەركە سەرەكیەكانیان، بەهۆی هاتنە پێشەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ماوەی نزیكەی مانگێك كۆبونەوەی پەرلەمان نەكراوە، ئەمەش وایكردوە پەرلەمانتاران نەتوانن ئەو ئەركە وەكو پێویست جێبەجێ بكات، بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لە پڕۆژەیاساكان، چاوەڕوان دەكەن هەفتەی داهاتوو كۆبونەوەكانی پەرلەمان دەستپێبكاتەوە.

