
د.دیار ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین دەڵێت، لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە بارودۆخی راپەڕین هێندەی ئێستا خراپ نەبووە و كێشەی كەمی ئۆكسجین و شوێنی نەخۆشمان هەیە و حكومەتی هەرێمیش وەڵاممان ناداتەوە.
د.دیار ئیبراهیم بە دەنگی ئەمریكای وتووە، لە سنوری ئیدارەی راپەڕین یەكەمجارە بگەنە حاڵەتێك كە قەرەوێڵەی وەرگرتنی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكان نەمێنێت، رێژەی تووشبوون لەچاو ماوەكانی رابردوو لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دوو هێندە زیاترە.
ئاماژەی بەوەشداوە، كێشەی كەمی ئۆكسجینمان هەیە، پێشتر دەرمانمان بۆ چوار مانگ كڕیبوو بەڵام لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو هەمویمان سەرفكردووە و چەندین دەرمانی پێویستیمان نەماوە، لەماوەی نۆ رۆژدا پێنج هەزار بوتڵ ئۆكسجینمان سەرفكردووە، چەندین جار پەیوەندیمان كردووە بە وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیران بەڵام بەداخەوە وەڵاممان نادەنەوە.
پێشی وایە، دۆخی هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی راپەڕین هەرگیز لەمە خراپتر نابێت كە هەیە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا 25 كەس بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، سەبارەت بە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دكتۆر دیار ئیبراهیم دەڵێت، پابەندبونی هاوڵاتیان و تێكەڵاوی زۆر و وەرنەگرتنی ڤاكسین هۆكارەكانن، هەروەها كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، بەجۆرێك لە یەك قوتابخانەدا لە سنورەكە لە كۆی 18 مامۆستا 16یان تووشی كۆرۆنا بوون.

