
وەزارەتی سامانە سروشتیەكان رێگە بە هاوردەكردن و هەناردەكردنی تەواوی بەرهەمە نەوتییەكان و پاشماوە نەوتییەكان و مادە كیمیاویەكان دەدات، ئەوەش پێویستە بە رەزامەندی وەزیری ئەو وەزارەتە بێت.
وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە نوسراوێكدا كە واژۆی كەمال ئەتروشی وەزیری ئەو وەزارەتەی پێوەیە ئاماژەی بەوەداوە، رێگە بە هاوردە كردن و هەناردە كردنی تەواوی بەرهەمە نەوتییەكان و پاشماوە نەوتییەكان و مادە كیمیاویەكان دەدات.
ئەوەش هاتووە، هەر رێگە پێدانێكی تر كە تایبەتە بە گواستنەوەی كەل و پەل و پێداویستییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت و گازی نێودەوڵەتی و خزمەتگوزاریەكان، تەنها بە رەزامەندی وەزیر و بەپێی رێنماییەكان دەبێت.
لە ئێستادا هەرێمی كوردستان كێشەی گرانبوونی نەوت و بەنزین و غازی هەیە و ئەوەش هاوڵاتیانی نیگەران كردووە و نرخەكان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش چەندین جار بەڵێنی چارەسەر كردنی ئەو گرفتەی داوە.


