
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت، كۆچی هاوڵاتیان سەرئەنجامی ستەمی كۆمەڵایەتی وشكستی حوكمڕانی 30 ساڵ دەسەڵاتی خۆماڵییە، دەبێت بۆ چارە بگەڕێین نەك پاساو تاشین.
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، كۆچی هاونیشتمانیانی ئەوسای “ئیجە” و ئێستای “بیلاڕوسیا” رووداوگەلێكی سروشتی نین بمانەوێ لەبەرپرسیاریەتی رابكەین.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەڵكو سەرئەنجامی ستەمی كۆمەڵایەتی وشكستی حوكمڕانی 30 ساڵ دەسەڵاتی خۆماڵیە، ئەمە نیشانەی بێزاری و یەئسە لەهەموو شتی ئەم نیشتمانە، بۆیە دەبێت بۆ چارە بگەڕێین نەك پاساو تاشین.
هەزاران كۆچەر كە زۆرینەیان هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانن لەسەر سنورەكانی “بیلاڕوسیا – پۆڵەندا” گیریان خواردووە و رێگەیان پێنادرێت بچنە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە، تاوەكو ئێستاش چەند كۆچەرێك لە سەرما و برسێتیدا گیانیان لەدەستداوە و ئەوەش بووەتە قەیرانێكی جیهانی.


