
رۆژنامەی جمهوریەتی تورکیا رایگەیاند هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بە تاوانی ساختەکاری لە راپۆرتی پزیشکیدا سزای زیندانی بە دوو ساڵ و نیوی بەسەردا سەپێندراوە. پارێزەرەکانی باشاک دەمیرتاشی تەمەن 44 ساڵ رایانگەیاندووە ئەو سزایە بەهۆی هەڵەوە بووە لە راپۆرتێکی پزیشکیدا کە لە ساڵی 2015 لەلایەن پزیشکێکی شاری دیاربەکرەوە نوسراوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش یەکێکە لە سیاسەتمەندارە هەرە بەناوبانگەکانی تورکیا کە نزیکەی 5 ساڵە لە زینداندایە بە تۆمەتەکانی هاوپەیوەند بە تیرۆرەوە کە خۆی نکوڵی لێدەکات.
نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپا ناچۆ سانچێز ئامۆر وتی لە تویتێکدا ڕایگەیاند سزادانەکە بەهۆی هەڵەیەکی راپۆرتی پزیشکییەوە بووە و مەبەستێکی سیاسی لەپشتەوەیە. ئامۆر لە هەژماری تایبەتی تویتەرەکەی خۆیدا رایگەیاند ” زیندانیکردنی بۆ دوو ساڵ و نیو بەهۆی هەڵەیەکی نوسینەوە لە راپۆرتێکی پزیشکیدا شتێکی مەترسیدارە، ئەمە بابەتێکی سیاسییە و ئەمە پێوانەکردنی نیگەرانیە سەبارەت بە دۆخی دادوەری لە تورکیادا”.

