
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرای كرد، مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لەبارەی پرسی ژەهرخواردكردنی سەركردەكانی كۆدەبێتەوە و لێكۆڵینەوە و بەدواداچونی ورد دەكەن.
سەعدی ئەحمەد پیرە لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە كردووە، بە دڵنیاییەوە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی پرسی ژەهرخواردكردنی ئەو سەركردانەی كۆدەبێتەوە، دەبێت بزانن قەبارەی گرفتەكان چەندن و چۆنیش چارەسەر دەكرێن.
هێمای بۆ ئەوەش كردووە، هەروەها لێكۆڵینەوە و بەدواداچونی ورد دەكەن و هەواڵ و زانیارییەكانی میدیاش لەوبارەوە بەهەند وەردەگرن تاوەكو دەگەنە راستییەكان.
دەربارەی گفتوگۆ و كۆبوونەوەی لایەنەكان سەبارەت بە حكومەتی داهاتووی عێراق وتویەتی، لەم هەفتەیە یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە، یەكێتی ئامانجییەتی كورد بە یەك پاكێجی هاوبەش بچێتە بەغدا، چونكە كاریگەریی و قورسایی كورد زیاتر دەكات.

