دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە یەكێتی ئەوروپا ئاشكرای كرد، هەڵوێستی فەرمی یەكێتییەكە ئەوەیە كە رێگە بە كۆچەرانی سەر سنورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا نادات بچنە خاكی ئەوروپاوە.
دلاوەر ئاژگەیی بە دەنگی ئەمریكای وتووە، بۆ یەكێتی ئەوروپا دوای بابەتی ئاسایش، بابەتی هاتنی كۆچەران بابەتێكی هەستیارە و هەمویان كۆكن لەسەر ئەوەی رێگری لێبكرێت.
رونیشیكردووەتەوە، هەڵوێستی فەرمی ئەوەیە یەكێتی ئەوروپا رێگە نادات ئەو كۆچەرانە بچنە ناو خاكی ئەوروپا، لەو چوارچێوەیەش جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا سەردانی لوبنان و عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەو شوێنانە دەكات كە خەڵكی ئەو وڵاتانە لێوەی كۆچ دەكەن، بەمەبەستی رێگەگرتن لەوەی خەڵك بەو شێوازە بچنە ئەوروپا.
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە یەكێتی ئەوروپا باسی لەوەش كردووە، یەكێتییەكە مەبەستێتی جگە لە پارێزگاری سنورەكانیان ئەو سەرچاوانەش وشك بكەن كە پەنابەرییان لێوەدێت و لەوێوە رێگرییان لێبكرێت، ئەو فشارەیان وای لە عێراق كرد باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەی بیلاڕوسیا لە عێراق و هەرێم دابخەن تا ڤیزە نەدرێتە خەڵك.