
جەنراڵ ماكێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا دەڵێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا، ئێران هەوڵی ترساندن و تۆقاندنی دەنگدەرانی داوە و زانیاری ناڕاستی بڵاوكردووەتەوە.
جەنزاڵ ماكێنزی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، لەكاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عیراق ئێران هەوڵی ترساندن و تۆقاندنی دەنگدەرانی داوە، تاوەكو ئەو وڵاتە بكات بە بە كرێگیراوی خۆی.
رونیشیكردووەتەوە، تاران تۆڕی ئینتەرنێتی پڕ كردووە لە زانیاری هەڵە دەربارەی هەڵبژاردنەكانی عیراق، میلیشیاكانی راسپاردووە دژایەتی ئەنجامەكان بكەن، لە هەندێك لە كاتەكاندا توندوتیژیش بەكاربهێنن.
ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بۆ گروپە میلیشیاكانی سەربە ئێران دڵخۆشكەر نەبوو و پێیان وایە ساختەكاری گەورە كراوە و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانیش بەو كارە تۆمەتبار دەكەن، ماوەی چەندین رۆژە لەبەردەم ناوچەی سەوزی شاری بەغدا بەردەوامن لە خۆپیشاندان.

